ئورمیە؛ حەمید چەپاتی، چالاکی مەدەنی کورد سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

هەنگاو؛ یەکشەممە ٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
حەمید چەپاتی، لە چالاکانی مەدەنیی کورد و خەڵکی ئورمیە لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێ مانگ دەستبەسەرکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، حەمید چەپاتی، چالاکی مەدەنی تەمەن ٣٦ ساڵی خەڵکی ئورمیە لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر شاهینی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت و تێکدانی بیروڕای گشتی" سزای ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سزایە ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، بەشێوەی فەرمی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیێندراوە.
حەمید چەپاتی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) پاش بانگکران و ڕۆیشتن بۆ پۆلیسی ئەمنییەتی ئورمیە دەستبەسەر کرا و دوای یەک ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.
هێزەکانی پۆلیسی ئەمنییەت سەرەتا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی ئەو چالاکە مەدەنییە و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ماڵەکەیان پشکنیبوو.