میاندواو؛ دەستبەسەرکرانی مۆبین مەجیدزاده و بەرزبوونەوەی ژمارەی دەستبەسەرکراوان بۆ حەوت هاووڵاتی

هەنگاو؛ یەکشەممە ٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
بە ئاشکرابوونی ناسنامەی هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی دیکە لە میاندواو بەناوی مۆبین مەجیدزاده، ژمارەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراوی ڕۆژی ڕابردوو لەو شارە گەیشتە حەوت کەس. هەنگاو پێشتر هەواڵی دەستبەسەرکرانی شەش هاووڵاتیی دیکەی ڕاگەیاندبوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢٢ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، مۆبین مەجیدزاده، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "گامێشگوڵی"ی سەر بە شاری میاندواو لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیەوە لە ماڵەکەی خۆیدا و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کراوە.
هەنگاو پێشتر هەواڵی دەستبەسەرکرانی شەش هاووڵاتیی کوردی دیکە بەناوەکانی بێهزاد بەرجستە، كەیوان بەرجستە، شەهاب تەوان و نیما قوربانزادە خەڵکی گوندی "براییم ئاباد"ی سەر بە شاری میاندواو، خالق ڕەحیمی خەڵكی گوندی گامێشگوڵی و سەدیق عەباسنژاد خەڵکی گوندی "قەڵای هۆلاکووخان" (حوسێناباد)ی لەو شارە ڕاگەیاندبوو.
بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییانە لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و میاندواو بە بەكارهێنانی توندوتیژییەوە لە ماڵەکانی خۆیان دەستبەسەر کراون و بۆ یەكێک لە دەستبەسەرگەکانی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گواستراونەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو حەوت هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.