سنە؛ ئایدا عەموویی بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرا
هەنگاو؛ دووشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
ئایدا عەموویی، چالاکی بواری مافەکانی ژنان لە شاری سنە پاش ١٧ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی قورسی شەش ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٣ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، ئایدا عەموویی، تەمەن ٤٠ ساڵ و لە چالاکانی ژنی خەڵکی شاری سنە، دوای ١٧ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی قورسی شەش ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کە میدیا حکومەتییەکان بە "ناوەندی پەروەردە و چاکسازی" ناوی دەبەن، ئازاد کرا.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، ئایدا عەموویی لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.
ئایدا عەموویی ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (١٧ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە بەرانبەر هۆڵی وەرزشییەکەی خۆی (هۆڵی تایکواندۆ) بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرابوو.
هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە، ئایدا عەموویی خێزاندار و دایکی دوو منداڵ لە ماوەی مانگی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەی لێکرابۆوە.