سنە؛ ڕاپۆرتێک لەسەر بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی دلێر سەلیمی و ئازادی کاتیی ژیلا تەشەکۆری، هاوژینی ناوبراو

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٩ی خەرمانانی ۲۷۲۵
دلێر سەلیمی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەقز سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ۸۰ ڕۆژ له کاتی دەستبەسەرکرانی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا ڕاگیراوە و چارەنووسی نادیارە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە هاوژینی ناوبراو، ژیلا تەشەکۆری ماوەیەک پێش بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٨٥ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی دلێر سەلیمی، تۆمەتباری سیاسیی خەڵکی سەقز، چارەنووسی نادیارە و لە یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی سەلیمی، دلێر سەلیمی لە ماوەی ڕابردوودا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی وەکوو مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و تەنیا لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنیی کورتماوە لەگەڵیان لە پەیوەندیدا بووە.
ژیلا تەشەکۆری، هاوژینی دلێر سەلیمی ڕۆژی چوارشەممە ۲۹ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۲۰ی ئاگۆستی ۲۰۲۵)، بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دلێر سەلیمی تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان»ی دراوەتە پاڵ.
دلێر سەلیمی، ڕۆژی سێسەممە ۲۷ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۱۷ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا و پاش چوار ڕۆژ هاوژینەکەی، ژیلا تەشەکۆری بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بانگ و دەستبەسەر کرا.
هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەستبەسەرکردنی دلێر سەلیمی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی بنەماڵەی ناوبراو لە شاری سەقز و دەستیان بەسەر تەواوی کەرەستە ئەلیکترۆنیەکانی ئەو بنەماڵە بریتی لە کۆمپیوتەر و مۆبایلەکانیاندا گرتبوو.