بانگكرانی حەوت چالاكی مەدەنیی كورد و ناڕازیی بە سزای سێدارە و ئازادی كاتییان بە بارمتە

هەنگاو؛ دووشەممە ٦ی رەشەممەی ٢٧٢٤
حەوت چالاكی مەدەنیی كورد و خەڵكی سنە بە ناوەكانی سۆهراب جەلالی، كەماڵ فەكووریان، موختار ئەسەدی، فاتمە زەندكەریمی، جەماڵ ئەسەدی، جەمیل ئەمینی و زارا محەممەدی دوای بانگكرانیان و چوونیان بۆ لقی دووی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەم شارە هەر یەک بە دانانی بارمتەی سەد ملیۆنی بە شێوەیەكی كاتی ئازاد كران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەكشەممە ٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢٣ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، سۆهراب جەلالی، كەماڵ فەكووریان، موختار ئەسەدی، فاتمە زەندكەریمی، جەماڵ ئەسەدی، جەمیل ئەمینی و زارا محەممەدی، چالاكانی مەدەنیی خەڵكی سنە دوای بانگكرانیان و چوونیان بۆ لقی دووی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەم شارە بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی گشتی"، هەر یەك بە دانانی بارمتەی سەد ملیۆنی و سەرجەم بە دانانی ٧٠٠ ملیۆن بارمتە، بە شێوەیەكی كاتی و تا كۆتاییهاتنی دادگاییەكەیان ئازاد كران.
ئەم چالاكە مەدەنییانە ڕۆژی یەكشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (١٦ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، بە وەرگرتنی ئاگادارییەك بە مەبەستی پێشكەشكردنی بەرگرییەكانی خۆیان لە هەمبەر تۆمەتە سەپێندراوەكان بۆ لقی ئاماژەپێكراو بانگ كرابوون.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، بانگكرانی ئەم هاووڵاتییانە بە تۆمەتی چالاكییە مەدەنییەكان و ناڕەزایەتی دەربڕین بە سزای سێدارە و كۆبوونەوە لە بەرامبەر بینای پارێزگاری سنە بە مەبەستی مەحكوومكردنی پشتڕاست كردنەوەی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی بەندكراوی سیاسیی كورد لە لایەن دیوانی باڵا، بووە.