بانگکرانی لەیلا پاشایی و باران ساعدی بۆ دادگای شۆڕشی سنە؛ ڕاگەیاندی تۆمەت و زیادکردنی بارمتە

٥ جۆزەردان ٢٧٢٥، ١٧:٥٥

هەنگاو؛ دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٥

لەیلا پاشایی و باران ساعدی، دوو چالاکی مەدەنیی دەستبەسەرکراو لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمی ٨ی مارس "ڕۆژی جیهانیی ژنان" و لە دەستبەسەکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" بە مەبەستی ڕاگەیاندنی سزا بۆ لقی ٢ی دادگای شۆڕشی سنە بانگ کران و ڕووبەڕووی دوو تۆمەتی تازە بوونەوە و بارمتەی ئازادیی کاتیی ناوبراون زیاد کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (٢٦ی مەی ٢٠٢٥)، دوو چالاکی بواری مافەکانی ژنان، لەیلا پاشایی، تەمەن ٤٥ ساڵ، خەڵکی سەقز و دانیشتووی سنە و باران ساعدی، تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی سنە، لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەری ڕەمەزانی بانگ کرابوون و بە دوو تۆمەتی نوێ "پێکهێنانی گرووپی نایاسایی" و "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت" تۆمەتبار کراون. هەروەها، بارمتەی دیاریکراو بۆ ئازادی کاتیی ئەم دوو چالاکە، لە ٥٠٠ ملیۆن بۆ ٦٠٠ ملیۆن زیادی کردووە.

لە ڕەوتی ئەم دانیشتنەدا، دادوەر ڕەمەزانی تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپ" و "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت"ی بە لەیلا پاسایی و لەیلا ساعدی ڕاگەیاندووە. ئەمە لە کاتێک دایە کە پێشتر تۆمەتی سەپێندراوی ناوبراوان "کۆبوونەوە دژی ئاسایشی وڵات" ڕاگەیێندرابوو.

لەیلا پاشایی و باران ساعدی، لە چالاکانی بواری مافەکانی ژنانن کە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٠ی مارسی ٢٠٢٥)، لە دوای بەڕێوەبردنی ڕێوەڕەسمی تایبەت بە ڕۆژی جیهانیی ژنان لە شاری سنە، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ نیشاندانی بەرگەی دادوەری دەستبەسەر و بۆ دەستەبسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە گواسترابوونەوە.

ئەم دوو چالاکە مەدەنییە ڕۆژی سێشەممە ٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٢٥ی مارسی ٢٠٢٥)، دوای ١٦ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی پێنسەد ملیۆنی بە شێوەی کاتی و تا کاتیی کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوون.

بە پێی ڕاپۆرتە پێشووەکانی هەنگاو، ئەم دوو چالاکە لە ماوەی دەستبەسەرکرانەکەیاندا لە قەرەنتینەی بەندیخانەی ناوەندیی سنە، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون و لە ژێر گوشاری دانپێدانانی زۆرەملێ بوون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە