بەندیخانەی سنە؛ فەرزاد حەمیدی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

هەنگاو؛ دووشەممە ٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
فەرزاد حەمیدی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی کامێران دوای یەک مانگ بەندکران لە ئیدارەکانی ئیتلاعاتی سنە و بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە بە هۆی بەشداریکردن لە مانگرتنی ڕۆژی ٣ی ڕێبەندان لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە سزای سێدارەی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، بە دانانی بارمتەی قورس و بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخرازی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢٤ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، فەرزاد حەمیدی، تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی کامێران دوای یەک مانگ بەندکران لە ئیدارەکانی ئیتلاعاتی سنە و بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە بە دانانی بارمتەی قورس و بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد کرا.
هەنگاو زانیویەتی کە، ئەم هاووڵاتییە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە فیلم هەڵگرتنەوە لە مانگرتنی بازاڕیان لە کامێران و ناردنی بۆ میدیاکانی سەر بە حیزبە کوردستانییەکان تۆمەتبار کراوە.
ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٥ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، لە ڕەوتی هێرشێ هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەییەکەی و بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرا.
بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نزیک بە بیست کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات سەرەڕای هێرشکردن بۆ سەر ماڵی بنەماڵەیی فەرزاد حەمیدی و دەستبەسەرکردنی ناوبراو، هەوڵی شکاندنی کەلوپەلی ماڵیان دابوو و دەستیان بەسەر مۆایلی ئەم هاووڵاتییەدا گرتبوو.