بەردەوامیی دەستبەسەركران و ناڕوونی چارەنووسی نەوزاد بەهرامی هاووڵاتیی خەڵكی مەریوان

هەنگاو؛ سێشەممە ٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
نەوزاد بەهرامی، چالاكی مەدەنیی كورد و خەڵكی مەریوان دوو هەفتە پێش لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر كراوە و تا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە و لە دەستبەسەرگەكانی ئەم ناوەندە حكوومەتییە لە سنە ڕاگیراوە. ناوبراو لە كاتی گەڕانەوەی لە هەرێمی كوردستان دەستبەسەر كرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نەوزاد كەریمی، چالاكی مەدەنیی خەڵكی گوندی"دەرەتفێ"ی سەر مەریوان، ماوەی ١٤ ڕۆژی ڕابردووی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە تێپەڕاندووە. ناوبراو لەم ماوەیەدا لە مافە سەرەتاییەكانی وەكوو دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێكەوتن لەگەڵ بنەماڵەكەی بێبەش بووە.
هەروەها هەوڵە بەردەوامەكانی بنەماڵەكەی بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی ناوبراو بێ ئاكام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەكان لە هەرجۆرە وڵامێك لەم بارەیەوە خۆیان پاراستووە.
تا كاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە ، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران و تۆمەتە سەپێندراوەكان دژی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.
نەوزاد بەهرامی، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (١١ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، لە كاتی گەڕانەوەی لە هەرێمی كوردستان لە سنووری باشماخ لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە سنە گواسترابوویەوە.