ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی حەوت بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان

٧ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ٢٠:٣٥

هەنگاو؛ سێشەممە ٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤

لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی حەفتەی ڕابردوودا سزای سێدارەی ٧ بەندکراو لەوانە  ٤ بەندکراوی لوڕ و بەندکراوێکی بەلوچ بە ناوەکانی حوسێن گەشووڵ، بێهرووز گەشووڵ، شاهین گودەرزی، ئەسغەر دێهقانی، موجتەبا خورەمدڵ، وەحید موحەبی و ئەحمەد  حەنفی کە پێشتر بە تۆمەتی وەکوو کوشتنی بە ئەنقەست و تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئیسفەهان جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ (٢٠ی فێبرییەی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی حوسێن گەشووڵ تەمەن ٣٢ ساڵە و کوڕە مامەکەی بێهروز گشول تەمەن ٣٥ ساڵە، دوو هاووڵاتی لوڕی بەختیاری و خەڵکی شاری ئیسفەهان لە بەندیخانەی دەستگردی ئەم شارە جێبەجێ کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو بەندکراوە شەش ساڵ لەمەوبەر لە دۆسییەکی هاوبەشدا لەگەڵ فەرهاد گەشووڵ برای بێهروز بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا بوو. هەنگاو زانیویەتی کە سزای سێدارەی فەرهاد گەشووڵ جێبەجێنەکراوە و بۆ بەند گەڕێندراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕەشەممە (١٩ی فێبریوەری)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی شاهین گودەرزی، هاووڵاتی تەمەن ٤٠ ساڵەی لوڕ و خەڵکی بروجێرد و ئەسغەر دێهقانی تەمەن ٥١ ساڵە و لوڕی بەختیاری خەڵکی شاری ئیسفەهان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لەم بەندیخانەیە لە سێدارە دران. شاهین گودەرزی ٤ ساڵ لەمەوبەر و ئەسغەر دێهقانی ٥ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو.

هەمان ڕۆژ، سزای سێدارەی سێ بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی ئەحمەد حەنفی تەمەن ٣٧ ساڵە و خەڵکی تایباد، وەحید موحەبی هاووڵاتی بەلووچ و خەڵکی زابۆل و موجتەبا خوڕەمدڵ  تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی بەندەرعەباس کە پێشتر لە دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو، لەم بەندیخانەیە جێبەجێکرا.

ئەحمەد حەنفی و موجتەبا خوڕەمدڵ چوار ساڵ لەمەوبەر و وەحید موحەبی شەش ساڵ لەمەوبەر دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو.

هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم بەندکراوانە، تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە