مەریوان؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و ئازادیی ئومێد سەجادی بە دانانی بارمتە

هەنگاو؛ دووشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
سەید ئومێد سەجادی، هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی شاری مەریوان لەدوای تێپەڕکردنی ماوەی پەنجا ڕۆژ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سنە ناسراو بە "قەرارگای شەهرامفەر" و بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٧ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، ئومێد سەجادی، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی گوندی "کولجی" سەر بە شاری سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان، پاش پەنجا ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی پێنجسەد ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ناوەندیی مەریوان ئازاد کرا.
ئومێد سەجادی لە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو و سەرەتا بۆ دەستبەسەرگەی قەرارگای شەهرامفەری سنە و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان گواسترابۆوە.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە ئومێد سەجادی لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بێبەش بووە.
شایانی باسە کە، ئەو هاووڵاتییە لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە هاوکاری لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک" تۆمەتبار کراوە.