بەردەوامی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی سێ هاووڵاتی کوردی دەستبەسەرکراو لە بەندیخانەی سەڵماس

هەنگاو؛ سێشەممە ٧ی ڕەشەممە ٢٧٢٤
ئەژدەر دودکانلو میلان، زابت ولیلوو قزڵباش و فەریاد حاجی زادە، سێ هاووڵاتی کوردی بەندکراو و لە بەندیخانەی سەڵماس، نزیکی یەک مانگی رابردوویان لەم بەندیخانە تێپەڕ کردووە و دۆسیەکەیان بە ناڕوونی ماوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک ئەژدەر دودکانلو میلان، زابت وەلیلوو قزڵباس، فەریاد حاجی زادە، سێ هاووڵاتی کوردی خەڵکی سەڵماس تاکووئێستاش لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە دەستبەسەرن.
بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییانە، مۆڵەتی دەستبەسەرکرانی کاتی ئەم سێ هاووڵاتییە کە نزیکی دوو حەوتوو لەمەوپێش لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەڵماس گواستراونەتەوە؛ بۆ یەک مانگی دیکە نوێ کراوەتەوە.
ئەژدەر دودکانلو میلان، زابت ولیلوو قزڵباش و فەریاد حاجی زادە دە ڕۆژی سەرەتای دەستبەسەریان لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپا بەبێ هەبوونی مافی پەیوەندی کردن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و هەبوونی دادوەر بەسەر بردووە.
ئەم هاووڵاتییانە لە سەرەتای مانگی ڕێبەندانی ئەم ساڵ، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەرکراون. دەستبەسەرکرانی فەریاد حاجی زادە و ئەژدەر دودکانلو میلان لە سەڵماس و زابت ولیلوو قزڵباش لە گوندی "گوێزەک"ی ئەم شارە ئەنجام دراوە.
تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەر کران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەست نییە.