سنە؛ ئازادی کاتی ئەمجەد گەریاخیز بەدانانی بارمتە

٨ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ١١:٥٣

هەنگاو؛ چوارشەممە ۸ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ 

ئەمجەد گەریاخیز، چالاکی کرێکاری کورد و خەڵکی شاری سنە و لە چالاکانی کەمپەینی دژایەتیی لەسێدارەدان، پاش ٣٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ (٢٥ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، ئەمجەد گەریاخیز، چالاکی کرێکاری تەمەن ۴۲ ساڵی خەڵکی سنە و باوکی دوو منداڵ، بەدانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا. 

شایانی باسە کە، ئەو چالاکە کرێکارییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە دەرمانە پێویستەکانی بێبەش کرابوو و هاوژینەکەی، ئارەزوو سەبووری لە کاتی بەدواداچوونی دۆسیەی ناوبراو لە لایەن ئیتلاعاتی سنەوە هەڕەشەی دەستبەسەرکرانی لێکرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ۳ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (۲۲ی جەنیوەریی ۲۰۲۵)، لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنەکانی ڕۆژی سێی ڕێبەندان کە بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی بەڕێوە چوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرابوو و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترابۆوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە