مەریوان؛ بەردەوامیی دەستبەسەركران وناڕوونی چارەنوسی شاهۆ سووری

٨ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ١٣:٥٢

هەنگاو؛ چوارشەممە ٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤

شاهۆ سووری، هاووڵاتیی كورد و خەڵكی مەریوان، لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات لەم شارە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە سنە گواستراوەتەوە و بە تێپەڕینی ٢٥ ڕۆژ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی ٢٥ ڕۆژ لە دەستبەسەركرانی شاهۆ سووری، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵكی مەریوان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، زانیارییەكی ورد لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەكەی بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی ئەم هاووڵاتییە بێ ئاكام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەكان خۆیان لە هەرجۆرە وڵامدانەوەیەک دەپارێزن.

بە گوێرەی سەرچاوەیەكی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی سووری، شاهۆ سووری ڕۆژی یەكشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئە ناوەندە ئەمنییە لە سنە گواستراوەتەوە.

تا كاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران و تۆمەتە سەپێندراوەكان لە دژی شاهۆ سووری لەبەر دەستدا نییە

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە