بەردەوامیی سیاسەتی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ؛ ٩ مانگ ناڕوونی چارەنووسی ئەنوەر ڕەمەزانپوور هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد

هەنگاو؛ چوارشەممە ٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
سەرەڕای تێپەڕبوونی هەشت مانگ و سێزدە ڕۆژ لە کاتی ڕفاندنی ئەنوەر ڕەمەزانپوور، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، چارەنووسی ناوبراو تا ئێستاش نادیارە و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قەبوڵکردنی بەرپرسیارێتی لەو بارەدا خۆ دەبوێرێ کە نموونەیەکی ڕوون لە سیاسەتی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە لایەن ئەو حکومەتەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٥٧ ڕۆژ لە کاتی ڕفاندنی ئەنوەر ڕەمەزانپوور، هاووڵاتیی تەمەن ٤٦ ساڵی خەڵکی مەهاباد هیچ زانیارییەک لەسەر تەندروستی، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هاوژینی ئەنوەر ڕەمەزانپوور بەمەبەستی بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد، بانە، سنە، تاران و ئورمیە و باقی ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی کردووە بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی بەدەست نەهێناوە.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، هاوژینی ئەنوەر ڕەمەزانپوور، سەرەتا سەردانی ئیدارەی ئاگاهیی مەهابادی کردووە و سەبارەت بە بارودۆخی هاوژینەکەی ڕایگەیاندووە کە بێسەروشوێن کراوە، ئەو ناوەندە پاش دە ڕۆژ پێیان ڕاگەیاندوون کە دۆسیەی ئەنوەر ڕەمەزانپوور بە فەرمانی دادوەر بۆ ناوەندێکی دیکە گواستراوەتەوە.
ئەنوەر ڕەمەزانپوور، کە لە هەرێمی کوردستان کرێکار بووە ڕۆژی هەینی ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (١٤ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، سێ ڕۆژ دوای گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستان، لە نزیکی ماڵەکەی خۆی لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراوە و لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
ڕێگریی ڕێکخراوانەی ناوەندە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قەبوڵکردنی بەرپرسیارێتی سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی ئەنوەر ڕەمەزانپوور، بە نیشانەیەکی ئاشکرا لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە لایەن ئەو حکومەتەوە بە هەژمار دێت.
هەنگاو بە لەبەرچاوگرتنی ماددەی ٢ی کۆنڤانسیۆنی پاڵپشتی لە سەرجەم هاووڵاتییان بەرانبەر بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، دەوڵەتی ئێران بە هۆکاری ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی ئەنوەر ڕەمەزانپوور دەزانێت و داوای بەرپرسیارێتی و وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی لەو بابەتەدا و دەستڕاگەیشتنی دەستبەجێی بنەماڵەکەی بە خزمەتگوزارییە یاسایی و تەندروستییەکان و پارێزەر دەکات.