بەندیخانەی سنە؛ ئەفشین حوسێن پەناهی بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
ئەفشین حوسێن پەناهی٫ چالاکی مەدەنی و ژینگە پارێز و بەندکراوی سیاسی پێشووی کورد، دوای ٥٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی قورس و بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢٧ی فێبرییەی ٢٠٢٥)، ئەفشین حوسێن پەناهی چالاکی مەدەنی و ژینگە پارێز و بەندکراوی سیاسی پێشوو، دوای تێپەڕاندنی ٥٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە و بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە بە دانانی بارمتەی قورس و بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی هاتنی ماوەی دادگایەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد کرا.
هەنگاو زانیویەتی کە، ئەم هاووڵاتییە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە «ڕێبەری خۆپیشاندانەکان» و «هاندانی بنەماڵە دادخوازەکان بۆ کۆبوونەوە» تاوانبار کرا.
ئەفشین حوسێن پەناهی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٨ی جەنیوەری ٢٠٢٥)، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ شوێنێ کارەکەی و بەبێ هەبوونی هیچ بەرگەیەکی دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابۆوە.
پێشتریش هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند بوو کە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەستبەسەرکرانی هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی ئەفشین و ماڵی ناوبراویان پشکنیوە.