ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجيکرانی سزای سێدارەی ١٠ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی کرماشان و قزڵحیساری کەرەج

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
ڕۆژی چوارشەممە لانی کەم ١٠ بەندکراوی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەکانی کرماشان و قزڵحیساری کەرەج لە سێدارە دراون و تا ئێستا ناوی ٧ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلە بەیانی چوارشەممە ٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢٦ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی ٧ بەندکراوی کورد کە تا ئێستا ناوی چوار کەسیان بە ناوەکانی میلاد مورادی تەمەن ٢٧ ساڵ، عەلی چشمەسفیدی تەمەن ٣١ ساڵ، محەممەد فەرەیدوونی و بێهرووز سەفەری قەڵا زەنجیری تەمەن ٣٦ ساڵ کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندی کرماشان (بەندیخانەی دیزڵاوا) جێبەجێ کراوە.
هاوکات سێ بەندکراوی خەڵکی کرماشان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە لە سێدارە دراون کە هەنگاو بەدواداچوون بۆ ناسننامەکانیان دەکات.
بە وتەی سەرچاوەیەکی هەنگاو، میلاد مورادی خەڵکی کرماشان دوو ساڵ پێش، عەلی چشمەسفیدی خەڵکی کرماشان ٦ ساڵ پێش، محەممەد فەرەیدوونی خەڵکی کەنگەڤەر ٤ ساڵ پێش و بێهرووز سەفەری قەڵا زەنجیری خەڵکی داڵاهۆ ٤ ساڵ پێش بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
لە لایەکی دیکەوە و لە هەمان ڕۆژ، سزای سێدارەی سێ بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی عەلیڕەزا بەساتینیا، هاووڵاتی تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی ئیلام و دانیشتووی تاران، سەجاد ئیقباڵی گەڕاون، خەڵکی ناوچەی گەڕاوانی شاری کۆیەشت و مستەفا هەژیر بێهرووزی، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی شاری ئەسەداوای سەر بە پارێزگای هەمەدان، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی هەژیر بێهرووز بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "مستەفا هەژیر بێهرووز ماوەی پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. سزای ئەم بەندکراوە بە نهێنی و بە بێ ئاگادارکردنی بنەماڵەکەی جێبەجێ کراوە."
هەروەها، عەلیڕەزا بەساتینیا ٢ ساڵ پێش و سەجاد ئیقباڵی گەڕاوەن ٣ ساڵ پێش بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم ١٠ بەندکراوە کوردە، تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە میدیا حکوومەتییەکان بە تایبەتی لە میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوە.