بۆكان؛ مینا سوڵتانی، دایكی دادخوازی شەهریار محەممەدی سزای بەندكرانی بەسەردا سەپێندرا

هەنگاو، هەینی ١٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
مینا سوڵتانی زارع، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەكانی كوردستان لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای هەشت مانگ بەندكران و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو دایكی شەهریار محەممەدی، لە گیانبەختكردوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"ییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا مینا سوڵتانی زارع، دایكی دادخواز لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەكانی ٢ی شاری بۆكان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حكوومەت" و "ئامادەبوونی لە شوێنی گشتی بەبێ حیجاب" سزای هەشت مانگ بەندكران و پێبژاردنی یەک ملیۆن پارەی بەسەردا سەپێندرا. سزای باسكراو بە پارێزەكانی ئەم دایكە دادخوازە ڕاگەیێندراوە.
ئێوارەی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، مینا سوڵتانی زارع لە ئەنجامی هێرشی هێزە حكوومەتییەكان بۆ سەر ماڵەكەی، بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەكی دادوەری دەستبەسەر كرا.
ئەم دایكە دادخوازە لە كۆتاییدا لە ڕێكەوتی سێشەممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٤، دوای ٢١ ڕۆژ دەستبەسەركران بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەكی كاتی لە بەندیخانەی ئورمیە ئازاد كرا.
شەهریار محەممەدی، تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵكی شاری بۆكان، ئێوارەی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی حكوومەت لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆكان گیانی لە دەست دا.