جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی شاری بیجاڕ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج

هەنگاو؛ هەینی ١٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی شاری بیجاڕ بە ناوی ئەمیر جەعفەر پەنا، کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست ئەو سزایەی بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج جێبەجێکرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢٧ی فێبرییەی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی ئەمیر جەعفەر پەنا، تەمەن ٤٠ ساڵە و خەڵکی شاری بیجاڕ لە بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج، ناوەندی پارێزگای ئەلبۆرز جێبەجێکرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی جەعفەرپەنا، ئەم بەندکراوە پێنج ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتنی پور و مێردی پوری خۆی دەستبەسەر و دواتریش لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم هاووڵاتییە تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە لە میدیا حکومەتییەکان و بەتایبەتی میدیاکانی نزیک لە دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.