ئیسفەراین؛ سزای سێدارەی شوعەیب ڕەزاپوور لە پێش چاوی خەڵک جێبەجێ كرا

١٠ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ١٧:٢٨

هەنگاو؛ هەینی ١٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندكراوێكی كورد بە ناوی شوعەیب ڕەزاپوور كە پێشتر بە تۆمەتی "كوشتنی بەئەنقەست" لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە شاری ئیسفەراینی خوراسانی باكوور و لە پێش چاوی خەڵک جێبەجێ كرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلە بەیانی هەینی ١٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢٨ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی شوعەیب ڕەزاپوور، بەندكراوی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵكی گوندی "سست"ی سەر بە ئیسفەراین، لە نزیكی پردی بەهەشتی ئەم شارە و لە پێش چاوی خەڵک جێبەجێ كرا.

پێشتر هەنگاو بە پێی سەرچاوەیەكی نزیك لە بنەماڵەی ڕەزاپوور، ڕایگەیاندبوو: "ئەم بەندكراوە خێزاندارە، ٣ ساڵ پێش بە تۆمەتی "كوشتنی بەئەنقەست"ی کەسێک بە ناوی عەلی ڕەزا فەرزانە لە تێكەڵچوونێكی بە كۆمەڵ دەستبەسەر كراوە."

شوعەیب ڕەزاپوور لە كۆتاییدا بە تۆمەتی كوشتنی کەسێک بە ناوی عەلی ڕەزا فەرزانە، خەڵكی ئیسفەراین و دانیشتووی ئەو شارە، لە لایەن لقی دووی دادگای تاوانەكانی یەكی بێجنوورد سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

سەید جەواد ئیلالی، داواکاری گشتیی پارێزگای خوراسانی باكوور، بە بێ ئاماژەدان بە ناوی كەسی لەسێدارەدراو بە میدیا حكوومەتییەكان لەوانە دەنگ و ڕەنگی ئێرانی وتووە كە سزای سێدارەی ئەم بەندكراوە لە شوێنی ئەنجامدانی تاوانەکە واتە لە نزیک پردی بەهەشتی شاری ئیسفەراین جێبەجێ كراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە