جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەمین ڕەجەبیان بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی شیروان
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی ئەمین ڕەجەبیان کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شیروان سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (١٤ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی ئەمین ڕەجەبیان تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی شاری شیروان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەمین ڕەجەبیان پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
تا کاتی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە لەلایەن میدیاکانی ناوخۆیی ئێران و ناوەندە فەرمییەکانی سەر بە دەزگای دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.