سنە؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەركران و ناڕوونی چارەنووسی فواد ئەحمەدی

هەنگاو؛ هەینی ١٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
هاووڵاتییەكی كورد و خەڵكی سنە بە ناوی فواد ئەحمەدی چوار ڕۆژ پێش لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستا زانیارییەك لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢٥ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، فواد ئەحمەدی، تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵكی سنە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەم شارە بە بەكارهێنانی توندوتیژی و دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ، دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترایەوە.
شایانی باشە كە، ئەم هاووڵاتییە ساڵێ ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر و دوای ١٧ ڕۆژ لە بەندیخانە ئازاد كرابوو.
بە گوێرەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، سەرەڕای تێپەڕینی چوار ڕۆژ لە كاتی دەستبەسەركردنی فواد ئەحمەدی بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بەمەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووس و بارودۆخی ناوبراو بێ ئاكام ماوەتەوە.
تا كاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران، تۆمەتە سەپێندراوەكان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.