نەغەدە؛ بانگکران و دەستبەسەرکرانی محەممەد ئەمینی فەر بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

١٠ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ١٩:٢٠

هەنگاو؛ هەینی ١٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤

محەممەد ئەمینی فەر (جۆخۆر)، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری نەغەدە، پاش بانگکران و ڕۆیشتن بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی خانەی دادی گشتی و شۆڕشی نەغەدە، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢٦ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، محەممەد ئەمینی فەر، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی گوندی عەلیئابادی سەر بە شاری نەغەدە، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٢٩ مانگ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.

ئەو هاووڵاتییە پێشتر لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەجاد دۆستی، بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" و "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" سەرجەم سزای ٢٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

محەممەد ئەمینی فەر، ڕۆژی ١١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (١ی جەنیوەریی ٢٠٢٣)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە گوندی عەلیئاباد بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواسترایەوە. ناوبراو دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتەی ٢ ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرا.

شایانی باسە کە، محەممەد ئەمینی فەر لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە