سنە؛ بنیامین ڕەحیمپوور سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

هەنگاو؛ شەممە ٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥
بنیامین ڕەحیمپوور، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کوردی خەڵکی سنە لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا بنیامین ڕەحیمپوور، هاووڵاتیی تەمەن ٣٥ ساڵی خەڵکی گوندی "ئەوێهەنگ" و دانیشتووی سنە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت" و "چالاکی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (١٠ی فێبریوەریی ٢٠٢٥) لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بەڕێوە چوو و سزای دەرچوو لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندان (١٤ی فێبەریوەری) بە ناوبراو ڕاگەیێندرابوو.
بنیامین ڕەحیمپوور، ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ شوێنی کارەکەی و بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپا "دەستبەسەرگەی شەهرامفەر"ی سنە گواسترابوویەوە.
ئەم هاووڵاتییە لە کۆتاییدا ٢٠ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، دوای نۆزدە ڕۆژ دەستبەسەرکران لە بەندی تاکەکەسیی ئیتلاعاتی سوپا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆنی و بە شێوەی کاتی تا کاتیی کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.
شایانی باسە کە، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانەکەیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.
ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە ڕێکەوتی ١٤ی گوڵانی ٢٧٢٠ (٣ی مەی ٢٠٢٠) لەگەڵ براکەی، بە ناوی تارق ڕەحیمپوور لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ماڵی بنەماڵەییەکەیان بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" دەستبەسەر و دواتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی سزای ١٨ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ دوای بانگکران و چوونی بۆ لقی یەکی ناوەندی جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای سنە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای شەش مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترابوویەوە.