ڕێوڕەسمی نەورۆز؛ دەستبەسەركرانی تەحسین دادڕەس بەندكراوی سیاسیی پێشوو لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە

هەنگاو؛ هەینی ١ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥
تەحسین دادڕەس، بەندكراوی سیاسیی پێشووی خەڵكی مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو بە هۆی بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆز دەستبەسەر كراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥ (٢١ی مارسی ٢٠٢٥)، تەحسین دادڕەس، هاووڵاتیی تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵكی گوندی "سەردۆش"ی سەر بە مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە و بە بەكارهێنانی توندوتیژی و بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەكی دادوەری لە شوێنی كارەكەی دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترایەوە.
بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان دەستبەسەری ئەم هاووڵاتییە لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمەكانی نەورۆز لە كوردستان بووە.
ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە ڕێكەوتی ٩ی سەرماوەزی ٢٧١٧ (٣٠ی نۆڤەمبەری ٢٠١٧)، لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی حكوومەتی ئێران دەستبەسەر و ٥ مانگ لە ژوورە تاكەكەسییەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان و سنە و ٤ مانگ لە بەندی گشتیی بەندیخانەكانی سنە و مەریوان ڕاگیرابوو.
ناوبراو لە كۆتاییدا لە لایەن دادگای شۆڕشی مەریوان بە تۆمەتی "ئەندامییەتی لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران" سزای ١١ ساڵ بە بەندكرانی بەسەردا سەپێندرابوو كە ئەم سزایە لە دادگای پێداچوونەوە بۆ ٦ ساڵ كەم كرایەوە و لە كۆتاییدا ١٣ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (٣ی ژوئەنی ٢٠٢١)، دوای تەواوبوونی زۆرتر لە نیوەی سزای ٦ ساڵ بەندكرانەكەی كەوتە بەر لێخۆشبوونی دەزگای دادوەری و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ئازاش كرا.
تا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەكی ورد لە شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.