بانە؛ هوشیار شەعبانی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان بریندار و دەستبەسەر کرا

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٥
هوشیار شەعبانی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و چالاکی مەدەنی کورد و خەڵکی بانە، پاش تەقەی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە برینی قورسەوە لە بانە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (٢٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، هوشیار شەعبانی، چالاکی مەدەنی ٣١ ساڵە و خەڵکی بانە، دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە شارۆچکەی «کانی سوور» بانە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی لە کاتی ڕۆیشتنی هوشیار شەعبانی کردووە و لە کاتێکدا کە سێ فیشەک لە لاقی ئەم چالاکە مەدەنییە دراوە، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
جێگای ئاماژەیە کە، برینە قورسەکانی بە هۆی وەبەر کەوتنی فیشەکەوە، بووەتە هۆی نیگەرانی زۆر سەبارەت بە دۆخی سڵامتی هوشیار شەعبانی لە دەستبەسەرگە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، پێش ئەم دوایین دەستبەسەر کردنە، لە ماوەی مانگێکدا لانیکەم دوو جار هەوڵیان داوە بۆ دەستبەسەر کردنی هوشیار شوجاعی.
هوشیار شەعبانی لە ساڵەکانی ٢٧١٧، ٢٧١٨، ٢٧١٩ و ٢٧٢٢ بە هۆی چالاکیی مەدەنی بۆ نموونە هەڵمەتی پشتیوانی لە کۆڵبەران و مانگرتن دەستبەسەر کرابوو و لە ژێر لێپێچینەوەی دادوەرییدا بووە و لە دوو بابەتدا سزای بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.