بەردەوامیی کەشی ئەمنی و دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە کوردستان؛ پێنج هاووڵاتی بریتی لە دوو بەندکراوی سیاسیی پێشوو دەستبەسەر کران

هەنگاو؛ چوارشەممە ۱۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
ئەمیر (هەژار) عەبدوڵڵاپوور، ئاوات عەلیپوور، ئەنوەر ئیبراهیمزادە و سمکۆ مەعرووفی و ئیسماعیل سانیار، دوو بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ۱ی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ۱۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲ی جولای ۲۰۲۵)، ئیسماعیل سانیار، تەمەن ۴۵ ساڵ، باوکی دوو منداڵ و بەندکراوی سیاسی پێشوو خەڵکی گوندی داشبەندی بۆکان دەستبەسەر کرا.
ئیسماعیل سانیار مانگی بەفرانباری ساڵی ۲۷۱۶ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە لایەن لقی ۱۰ی دادگای پێداچوونەوەی ئورمیە سزای ۲ ساڵ و ۶ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەو هاووڵاتییە دواتر بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانە گواسترایەوە و کۆتاییەکانی مانگی خاکەلێوەی ۲۷۲۰، بە لێبوردن بەبۆنەی نەورۆزەوە لە بەندیخانە ئازاد کرا.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە ۱۰ی پووشپەڕی ۲۷۲۵، ئاوات عەلیپوور، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی شێخلەری سەر بە شاری بۆکان و ئەنوەر ئیبراهیمزادە، تەمەن ۳۶ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران.
ڕۆژی دووشەممە ۹ی پووشپەڕی ۲۷۲۵، سمکۆ مەعڕووفی، چالاکی ژینگەپارێزی و بەندکراوی سیاسی پێشووی خەڵکی شاری بۆکان دەستبەسەر کرا.
سمکۆ مەعڕووفی پێشتر بەهۆی چالاکییەکانییەوە دەستبەسەر کرابوو و دوو جار لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
ڕۆژی چوارشەممە ۲۸ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۱۸ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، ئەمیر عەبدوڵڵاپوور، خەڵکی شاری بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا.
سەرەڕای تێپەڕبوونی ۱۴ ڕۆژ هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەمیر عەبدوڵڵاپوور لەبەر دەستدا نییە و بارودۆخی ڕاگرتنی ناوبراو نادیارە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.