ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێكرانی سزای سێدارەی حەوت بەندكراو لە بەندیخانەكانی هەمەدان، قەزوین، تەورێز، ئەردەبیل و بیرجەند

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
سزای سێدارەی لانی كەم حەوت بەندكراو بە ناوەكانی محەممەد ڕاعی، ئیمان شوكروڵڵازادە، حەسەن فەتحی، ڕامین عەلایی، محەممەد عەراقی، عەلی وەتەن خا و جەلال ئەشكانی كە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە و كوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەكانی هەمەدان، قەزوین، تەورێز، ئەردەبیل و بیرجەند لەم دواییانەدا جێبەجێ كراوە.
بە پێێ ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٥ی مارسی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی جەلال ئەشكانی، خەڵكی هەمەدان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێ كرا، ئەم بەندكراوە چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
لە هەمان ڕۆژ، سزای سێدارەی ئیمان شوكروڵڵازادە، هاووڵاتیی تەمەن ٤٢ ساڵ، تات و خەڵكی تاكستان، لە بەندیخانەی ناوەندیی قەزوین (بەندیخانەی چووبین دەر) جێبەجێ كراوە. ئیمان شوكروڵڵازادە پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی كوشتن بەئەنقەست دەستبەسەر و دواتر بە سزای سێدارە مەحكووم كرابوو.
لە درێژەی شەپۆلی لەسێدارەدان، ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەشەممە (١ی مارس)، سزای سێدارەی سێ بەندكراوی تورک لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز جێبەجێ كراوە. حەسەن فەتحی تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵكی هەشتەروود، ڕامین عەلایی تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵكی تەورێز، محەممەد عەراقی تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵكی تەورێز لەم بەندیخانەیەدا لەسێدارەدراون.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، حەسەن فەتحی و ڕامین عەلایی سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە و محەممەد عەراقی بە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
لە لایەكی دیكەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕەشەممە (٢٧ی فێبریوەری)، سزای سێدارەی بەندكراوێكی تورک و خەڵكی پارساوای ئەردەبیل، بە ناوی عەلی وەتەن خا و تەمەن ٢٧ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل جێبەجێ كراوە. ئەم بەندكراوە سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست لە تێكەڵچوونێكی بە كۆمەڵ دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەروەها ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (١٥ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی محەممەد ڕاعی، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵكی گوندی "مورسک" تەربەت حەیدەریە سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، كە سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی بیرجەند جێبەجێ كرا.
تا كاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم حەوت بەندكراوە لە میدیا حكوومەتییەكان بەتایبەت میدیاكانی سەر بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوە.