ڕاپۆرتێک لە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی نۆ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران؛ ژمارەی لە سێدارەدراوەکان گەیشتە سەرووی ١٥٠٠ کەس
هەنگاو؛ دووشەممە ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی نۆ بەندکراو، یەک لەوان کەسێکی خەڵکی ئەفغانستان، بە ناوەکانی مەحموود عەلی سوڵتان ئابادی و (ناوی بچوک نادیار) مەلەکی، محەممەد نازمی، مووسا گوڵپایەگانی، ئەیووب زەیدی، محەممەد تاجیک، ساسان میساقی، پەیمان عەلیزادە و کیانووش شادمان، کە پێشتر بە تۆمەتەکانی "کوشتنی بە ئەنقەست" و "پەیوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان"، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەکانی قوم، ئەهواز، سمنان، تەورێز، تایباد، یاسووج، بەندەرعەباس و ڕەشت جێبەجێ کرا.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ژمارەی بەندکراوە لەسێدارەدراوەکان لە ئێران لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ـەوە تا ئێستا گەیشتووەتە ١٥٠٣ کەس. لەم ژمارەیە ٢٣١ بەندکراویان هاووڵاتیی کورد، ١٩٦ بەندکراویان هاووڵاتیی لوڕ، ١٣٨ بەندکراویان هاووڵاتیی تورک و ١٢٨ بەندکراویشیان هاووڵاتیی بەلووچ بوون. هەروەها ٤٥ ژن و ٧٨ هاووڵاتیی ئەفغانستان سێدارە دراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٢٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی مەحموود عەلی سوڵتان ئابادی و (ناوی بچووک نادیارە) مەلەکی، هاووڵاتیی لوڕ خەڵکی شارستانی چەگنی سەر بە پارێزگای لوڕستان، لە بەندیخانەی ناوەندیی قوم جێبەجێ کرا. بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم دوو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە تاوانی ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو.
هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، سزای سێدارەی بەندکراوێکی عەرەب بە ناوی محەممەد نازمی، کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتن سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەی سپیداری ئەهواز جێبەجێ کرا.
لە درێژەی سێدارەدانەکانی ئەم ڕۆژەدا، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی مووسا گوڵپایەگانی، لە بەندیخانەی ناوەندیی سمنان جێبەجێ کرا. بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو.
لەلایەکی دیکەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٢٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی تورک بە ناوی ئەیووب زەیدی، کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتن سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز جێبەجێ کرا.
هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەلکی ئەفغانستان بە ناوی محەممەد تاجیک، لە بەندیخانەی تایبادی خۆراسانی ڕەزەوی جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو.
سزای سێدارەی بەندکراوێکی لوڕ بە ناوی ساسان میساقی، کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتن سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو، لە هەمان ڕۆژدا و لە بەندیخانەی ناوەندیی یاسووج جێبەجێ کرا.
لە درێژەی سێدارەدانەکانی ئەم ڕۆژە، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی پەیمان عەلیزادە، لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندەرعەباس جێبەجێ کراوە. ئەم بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو.
لە هەمان پێوەندیدا، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (١٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، سزای بەندکراوێک بە ناوی کیانووش شادمان، ٢٩ ساڵە، لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕەشت (لاکان) جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە لە نزیک بە چوار ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی سێدارەدانی ئەم بەندکراوانە لە ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دەسەڵاتی دادوەرییەوە، بڵاو نەکراوەتەوە.