بانگکران و هۆشداریدان بە دەیان کەس لە خەڵکی مەریوان بە هۆی پۆشینی جامانە و جلی خاکی لە ڕێوەڕەسمی نەورۆز

هەنگاو؛ هەینی ١٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە شەست هاووڵاتیی لاوی خەڵکی مەریوان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە بانگ کراون و هەڕەشەیان لێ کراوە کە لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا بە پۆشینی "جامانە" و "جلی خاکی"ییەوە بەشداری نەکەن.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مەودای ڕۆژانی سيشەممە ١٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ تا پێنجشەممە، زیاتر لە ٦٠ لاوی خەڵکی مەریوان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە بانگ کراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییانە دوای بانگکران و دەستبەسەرکرانی چەند کاتژمێری لە ئیدارەی ئیتلاعات، هەر یەک بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆنی بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراون و هۆشداریان پێ دراوە کە لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز بە پۆشینی "جامانە" و "جلی خاکی"ییەوە بەشداری نەکەن.
هەر لەم پەیوەندییەدا پێشتر ٥٨ هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بۆ یەکێک لە لقەکانی لێپرسینەوەی دادگای شۆڕشی ئەم شارە بانگ کرابوون و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت(هەڵپەرکێ و هێماگەرایی)" تۆمەتبار کرابوون.
هەروەها لەم دواییانەدا ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسملامیی ئێران بە گوشارخستنە سەر ئیدارەی چاوەدێریکردنی شوێنەکان و هەروەها بەڕێوەبەرانی هۆڵی تایبەتی ڕێوەڕەسمەکان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان لەوانە شاری سنە بەهۆی پۆشێنی "جامانە" و "جلی خاکی" میوانان لە ڕێوەڕەسمەکاندا هەڕەشەیان لێ کراوە.