سنە؛ سێ چالاکی مافەکانی ژنان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە بەرەبەرەی ڕۆژی جیهانیی ژنان بانگ و هەڕەشەیان لێ کراوە

هەنگاو؛ هەینی ١٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
سێ چالاکی مەدەنی و بواری مافەکانی ژنان و خەڵکی شاری سنە و هەروەها لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لەم شارە بە ناوەکانی سیمین چایچی، سورەیا خدری و بەهار زەنگی بەند، لە بەرەبەرەی هەشتی مارس "ڕۆژی جیهانیی ژنان" بۆ فراجا (فەرماندەیی ئینتزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران) بانگ و بە وەرگرتنی بەڵێننامە لە بەشداریکردن لەهەر جۆرە کۆبوونەوە لەم بارەیەوە هەڕەشەیان لێ کراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٦ی مارسی ٢٠٢٥)، سیمین چایجی، شاعیر و نووسەر، سورەیا خدری و بەهار زەنگی بەند، هەر سێ لە چالاکانی مەدەنی و مافی ژنان و خەڵکی سنە لە لایەن فراجا بە بڕیاری دادستانی ئەم شارە "محەممەد جەباری" بانگ کران و بە وەرگرتنی بەڵێننامە سەبارەت بە بەڕێوەبردن و بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی هەینی، بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان، قەدەغە کران.
سورەیا خدری لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لە ڕێکەوەتی ٢٢ی خەرمانانی ٢٧١٨ بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرابوو.
بەهار زەنگی بەند هەر لە هەمان ڕۆژ سێشەممە ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای بیست ڕۆژ ئازاد کرابوو. ئەو مامۆستای پێشووەی پەروەردەی جەستەیی زانکۆ ئازادی سنە لە لایەن حەراسەتی ئەم زانکۆ و ناوەندە ئەمنییەکان لە وانەوتنەوە لە زانکۆ بێبەش کرا.
هەروەها سیمین چایچی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرابوو و پێشتر بە تۆمەتی چالاکە مەدەنییەکانی خۆی و بە مەبەستی پێشگرتن لە بەشداریکردن و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی ڕۆژی هەشتی مارس و نەورۆز لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کرابوو