ڕاپۆرتی هەنگاو لە سەر دەسبەسەرکردنی لانی کەم ١٨ هاووڵاتیی دیکەی کورد لە شارە جیاجیاکان

١٠ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ٢١:١٠

هەنگاو؛ هەینی ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

لانی کەم ١٨ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ڕامیار تەبەرخوون، حامید نەزەریان، ئارمان ئاردەم، ئەشکان ئاردەم، ئەرشەد ئاردەم، ڕامین یووسفی، هەیبەت موئەیەد، ئیبراهیم عوسمانی، مەسعوود بابایی، ئەحمەد عەلیزادە، هێژا ئومێدی، محەممەدڕەزا نوسرەتی، نوورەدین چەلەنگەر، سەعید کەریم‌بەیگی، سینا غەزەنفەری، عەبدوڵڵا ساربەیگی، موحسین ڕووستا و حوسێن شوکری، لەلایەن هێزە ئەمنی و حکومەتییەکانەوە لە شارەکانی سەردەشت، ئیلام، شیراز، سنە، بیجاڕ، بۆکان، شیروان، ئاودانان، چەرداوڵ، مەلەکشا، بەدرە، سیروان، تاران و ئەیوان دەستبەسەر کران.

ناسنامەی ئەم هاووڵاتییانە کە لە کاتی شەپۆلی سەرکوت و دەستبەسەرکردنە بەکۆمەڵەکان لە دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دەستبەسەر کراون، لەلایەن هەنگاوەوە پشتڕاست کراوەتەوە و وردەکارییەکانی بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

 

ئیلام، ئاودانان، مەلەکشاهی، بەدرە، سیروان، چەڕداوڵ و ئەیوان

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی چوارشەممە ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٢٨ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستا و چالاکی مەدەنیی تەمەن ٥٢ ساڵ و خەڵکی ئاودانان، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ئەم شارە لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. ئەم هاووڵاتییە لە ڕێبەندانی ٢٧٢٤دا، بۆ جێبەجێکردنی سزای دوورخستنەوە (تەبعید) بۆ شاری فەنووج لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان شوێنی گواستبۆوە. ناوبراو پێشتر لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی سزای ٢٧ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپابوو و ئەم سزایەی تێپەڕاندبوو.

ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕێبەندان، هێژا ئومێدی، تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی مەلەکشا، بە هێرشی توندوتیژانەی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. بە تێپەڕبوونی ٥ ڕۆژ، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

هاوکات نوورەدین چەلەنگەر، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شارستانی چەرداوڵی سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندان، حوسێن شوکری، پارێزەری پلەیەک، مامۆستای زانکۆ و خەڵکی بەشی "زەڕنە"ی سەر بە شارستانی ئەیوان، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو خێزاندارە و باوکی منداڵێکە.

هەمان ڕۆژ، سەعید کەریم‌بەیگی، هاووڵاتیی خەڵکی "بەدرە"، بە هێرشی توندوتیژانەی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و بە تێپەڕبوونی ٦ ڕۆژ، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕێبەندان، سینا غەزەنفەری، خەڵکی سیروان، بە هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. بە تێپەڕبوونی ٩ ڕۆژ، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، حامید نەزەریان، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی ئیلام، بە هێرشی چەکدارانەی هێزە حکومەتییەکان (بە چەکی کڵاشینکۆف) بۆ سەر ماڵەکەی و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە نێوان ئەندامانی بنەماڵەکەیدا، دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

پێشتریش لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباردا، موحسین ڕووستا، خەڵکی گوندی "سەراو کەڵان"ی سەر بە سیروان دەستبەسەر ببوو کە بە تێپەڕبوونی ٢١ ڕۆژ، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

سەردەشت، بۆکان، سنە، بیجاڕ

ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، ڕامیار تەبەرخوون، هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕێبەندان، ئیبراهیم عوسمانی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و ئەدمینی کەناڵی تێلێگرامی "ئۆنلاین بۆکان"، لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای ورمێ دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە گواستراوەتەوە.

هەروەها، هەیبەت موئەیەد، تەمەن ٤١ ساڵ، ئەندازیاری بیناسازی و دانیشتووی شەقامی ئەردەڵانی سنە، ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانبار بە هۆکارێکی نادیار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بە تێپەڕبوونی ٣٤ ڕۆژ، چارەنووسی ناوبراو هێشتا نادیارە.

محەممەدڕەزا نوسرەتی، خەڵکی بیجاڕ، تەمەن ٤١ ساڵ و دانیشتووی کەرەج، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، لە کاتێکدا کە بۆسەفەرێک چووبووە بیجاڕ، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

محەممەدڕەزا نوسرەتی کە وەک ژمێریار لە کۆمپانیایەکدا کاری کردووە، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢١، لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیشدا دەستبەسەر ببوو.

 

شیروان(خوراسانی باکوور)

لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباردا، مەسعوود بابایی، خەڵکی شیروان و خاوەنی کافی‌شاپێک، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ خراوەتە ژێر گوشارەوە.

 

تاران و شیراز

ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندان، عەبدوڵڵا ساربەیگی، خەڵکی سیروان، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

ئێوارەی چوارشەممە ٢٤ی بەفرانبار، چوار هاووڵاتیی خەڵکی تیکاب بە ناوەکانی ئارمان ئاردەم تەمەن ٢٢ ساڵ، ئەشکان ئاردەم تەمەن ٢٤ ساڵ، ئەرشەد ئاردەم تەمەن ٣٤ ساڵ خەڵکی گوندی «قزقاپان» و ڕامین یووسفی تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی گوندی «حەسەن‌ئاوا»، لە کاتی هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر شوێنی کارەکەیان لە شیراز، بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری و بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە وەرگیراوەکان، ئەرشەد ئاردەم و ڕامین یووسفی، دوای تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوە ئازاد کراون. دوو هاووڵاتییەکەی دیکە بە ناوەکانی ئارمان ئاردەم و ئەشکان ئاردەم کە ئامۆزای یەکترن، هێشتا لە دەستبەسەریدا ماونەتەوە و بە تێپەڕبوونی ١٦ ڕۆژ هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە