بۆکان؛ دەستبەسەرکرانی بێهرووز فەرهەنگ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا

١٨ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ١٢:٤٢

هەنگاو؛ شەممە ١٨ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ 

هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی بۆکان بە ناوی بێهرووز فەڕهەنگ، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەم شارە دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە ئورمیە گواستراوەتەوە. 

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ (٤ی مارسی ٢٠٢٥)، بێهرووز فەڕهەنگ، خەڵکی بۆکان، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا بۆ سەر دووکانی بەرگدوورییەکی لە شەقامی "مەولەوی شەرقی"، بە بێ نیشاندانی بەرگەی دادوەری دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سوپا لە ئورمیە گواستراوەتەوە. 

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی بێهرووز فەڕهەنگ، دوای پشکنینی دووکانی بەرگدوورییەکەی، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستیان بەسەر مۆبایلی ناوبراو و مامی بە ناوی حوسێن فەڕهەنگ گرتووە. 

هەروەها ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند کە بێهرووز فەڕهەنگ ٢٤ کاتژمێر دوای دەستبەسەرکرانی، لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبوو کە بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە ئورمیە گواستراوەتەوە. 

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە