مەهاباد؛ دەستبەسەركران و ناڕوونی چارەنووسی قادر ڕەسووڵپوور

هەنگاو؛ شەممە ١٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
هاووڵاتییەكی كورد و خەڵكی مەهاباد بە ناوی قادر ڕەسووڵپوور مانگی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٨ی مارسی ٢٠٢٥)، قادر ڕەسووڵپوور، هاووڵاتیی تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵكی مەهاباد، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەكان بۆ سەر ماڵەكەی لە گەڕەكی پشت تەپی ئەم شارە، بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەكی دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە.
بە گوێرەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، سەرەڕای تێپەڕینی ٢٨ ڕۆژ لە كاتی دەستبەسەركردنی قادر ڕەسووڵپوور، بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووس و بارودۆخی ناوبراو بێ ئاكام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەكان خۆیان لە هەر جۆرە وڵامدانەوەیەك لەم بارەوە پاراستووە.
تا كاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران، تۆمەتە سەپێندراوەكان، شوێن ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە كوردە لەبەر دەستدا نییە.