ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی ئاوات کەرەمی، چالاکی ژینگەپارێز لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە سنە
هەنگاو؛ سێشەممە ۲۰ی گەلاوێژی ۲۷۲۶
ئاوات کەرەمی، هاووڵاتیی کورد و چالاکی ژینگەپارێز لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ئاوایی نگڵ سنە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی یەکشەممە ۱۸ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ (۹ی ئاگۆستی ۲۰۲۶)، ئاوات کەرەمی، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی ئاوایی "نگڵ"ی سنە لە ڕەوتی هەڵکوتانی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لەم ئاواییە دەستبەسەر کرا.
هێزە حکوومەتییەکان دوای هەڵکوتانە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە بە پەنابردنە بەر توندوتیژی و بەستنەوەی دەست و قاچی، ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.
ئاوات کەرەمی پێشتریش لە ڕێکەوتی ۲۶ی بەفرانباری ۲۷۱۸ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو و لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی "کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" سزای ۴۰ مانگ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرابوو.
بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە بارودۆخی ناوبراو تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، تۆمەتە پاڵدراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.