بەندیخانەی سنە؛ کارۆ عەلیداد بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا

١١ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ٢٣:٤٤

هەنگاو؛ شەممە ١١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤

کارۆ عەلیداد لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی خەڵکی شاری مەریوان، پاش یەک مانگ دەستبەسەربوون لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە، بەهۆی بەشداری لە مانگرتنەکانی ڕۆژی سێی ڕێبەندان بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١ی مارسی ٢٠٢٥)، کارۆ عەلیداد، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی تەمەن ٢١ ساڵی خەڵکی مەریوان، دوای ی٣٨ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

کارۆ عەلیداد ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٢ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر شوێنی کارەکەی لە مەریوان بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرابوو.

هەنگاوی ئاگادار کرابۆوە کە، "ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە پێشتر لە ڕەوتی کوژراندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان لە بەشی بڕبڕەی پشتیدا بریندار ببوو و توانایی پێویست بۆ تێپەڕکردنی ماوەی درێژی دەستبەسەربوونی نەبوو."

شایانی باسە کە کارۆ عەلیداد جارێکی دیکەش لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٢٧٢٠ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە