سنە؛ ئازادیی جەلیل محەممەدی و کەماڵ ئاخرەتی بە دانانی بارمتە

هەنگاو؛ سێشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
کەماڵ ئاخرەتی و جەلیل محەممەدی، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سنە کە بەهۆی بەشداری لە مانگرتنەکانی کوردستان بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دەستبەسەر کرابوون، پاش ٤٦ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی پێنسەد ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٩ی مارسی ٢٠٢٥)، کەماڵ ئاخرەتی چالاکی مەدەنی، و جەلیل محەممەدی چالاکی کرێکاری خەڵکی سنە بەدانانی بارمتەی پێنسەد ملیۆن تمەنی تا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کران.
کەماڵ ئاخرەتی و جەلیل محەممەدی ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٣ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە جلی مەدەنییەوە، لە شوێنی کار و ماڵەکەی خۆیان بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرابوون.