جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێک لە بەندیخانەی ناوەندیی مەلایر، لە سەرەتای مانگی ڕەمەزانەوە ١٠ بەندکراو لە سێدارە دراون

هەنگاو؛ سێشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
سزای سێدارەی بەنکراوێکی تورک بەناوی حوجەت تورکمان، خەڵکی مەلایری سەر بە پارێزگای هەمەدان، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی مەلایر جێبەجێکرا. بە هەژمارهێنانی ئەم پیاوە لەدەستپێکی مانگی ڕەمزانەوە لایەنی کەم ١٠ بەندکراو لە ئێران لە سێدارە دراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕؤژی سێشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١١ی مارسی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی حوجەت تورکمان خەڵکی مەلایر جێبەجێکرا. ئەم بەندکراوە لە ٤ ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو.
تاوەکوو داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان و بەتایبەت میدیاکانی پەیوەندیدار بە دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵەوە لایەنی کەم ١٠ بەندکراو لە بەندیخانەکانی مەلایر، تەورێز، کاشان، یەزد، خوڕەم ئاوا (٢ حاڵەت)، هەمەدان، قەزوێن، ئەهەر و زەنجان جێبەجێکراوە. ٦ کەس لەم بەندکراوانە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ٣ کەسیش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو.