مەهاباد؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی ئیدریس محەممەدزادە

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
ئیدریس محەممەدزادە، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد لە یەک حەوتوو پێشترەوە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٨ ڕۆژ لە بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەی ئیدریس محەممەدزادە، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد، تا ئێستاش زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و ناوەندە حکومەتییەکان لە وەڵامدانەوە لەو بارەدا خۆ دەبوێرن.
ئیدریس محەممەدزادە لەو ماوەدا، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢٢ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، دوای بانگکران لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر کرابوو.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.