سەقز؛ دەستبەسەرکرانی عەبدوڵڵا ئەحمەدزادە، چالاکی کولتووری کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
عەبدوڵڵا (ڕێباز) ئەحمەدزادە، چالاکی کولتووری کوردی خەڵکی شاری سەقز لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو ئەندامی ئەنجومەنی کولتووریی "هەلەبجە"ی سەقزە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٢ی مارسی ٢٠٢٥)، عەبدوڵڵا ئەحمەدزادە، چالاکی کولتووری تەمەن ٤٥ ساڵ، باوکی دوو منداڵ و دانیشتووی گەڕەکی حەماڵاوای سەقز دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی عەبدوڵڵا ئەحمەدزادە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات پاش دەستبەسەرکرانی ئەو چالاکە کولتوورییە، ماڵەکەیان بە تەواوی پشکنیوە.
عەبدوڵڵا ئەحمەدزادە وەکوو یەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کولتووریی "هەلەبجە"ی سەقز، ساڵانە چالاکیی کولتووریی جیاوازی لە ساڵیادی کیمیابارانی هەلەبجە لە لایەن حکومەتی بەعسی عێراقەوە هەبووە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.