ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر جێبەجێکردنی سزای سێدارەی نەسرین بارانی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
سزای سێدارەی بەندکراوێکی ژن بەناوی نەسرین بارانی خەڵکی ئیسفەهان، کە پێشتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان (دەستگرد) جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١ی مارسی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی نەسرین بارانی، تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی ئیسفەهان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.
ئەو بەندکراوە چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینە پێشووەکەی دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نەسرین بارانی پاش شەش ساڵ ژیانی هاوبەش لە هاوژینی یەکەمی جیا بووەتەوە و لەگەڵ کەسێکی دیکە هاوسەرگیری کردووە. ئەو بەندکراوە بەوە تۆمەتبار کرابوو کە بەهۆی موزاحیمەتەکانی هاوژینە پێشووەکەی، ناوبراوی کوشتبوو.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.