بۆكان؛ حەسەن كاكایی، هونەرمەندی كورد بە وەرگرتنی واژۆی زۆرەملێ لە بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆز بێبەش كرا

هەنگاو؛ هەینی ٢٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
حەسەن كاكایی، هونەرمەندی كورد بە بانگكرانی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆكان، بۆ بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆز هەڕەشەی لێ كراوە. ناوبراو ساڵی ڕابردوو هەر بەم هۆیەوە دەستبەسەر كرابوو؛ بە وەرگرتنی واژۆی زۆرەملێ، لە بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆز بێبەش كرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٣ی مارسی ٢٠٢٥)، حەسەن كاكایی، گۆرانیبێژی تەمەن ٦٤ ساڵ و خەڵكی بۆكان لە ژێر گوشاردا ناچار بە واژۆكردنی بەڵگەنامەیەک بووە كە نابێ بەشداری لە ڕێوڕەسمی نەورۆز بكات.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆكان لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، حەسەن کاکایی چەندین جار بانگ کراوە و دوای چەند كاتژمێر لێپرسینەوە، ئازاد كراوە.
حەسەن كاكایی ئێوارەی شەممە ٤ی خاكەلێوەی ٢٧٢٤ (٢٣ی مارسی ٢٠٢٤)، لە پەیوەندی لەگەڵ گۆرانی وتن لە ڕێوڕەسمی نەورۆز بە بەكارهێنانی توندوتیژی لە لایەن هێزەكانی ئێدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر كرابوو.
ناوبراو ڕۆژێ دواتر كە بەهۆی لێدان لە ئیدارەی ئیتلاعات شوێنی شینبوونەوەلەسەر دەموچاوی دیار بوو، ئازاد كرا.
ئەم هونەرمەندە كورە لە ساڵەكانی ڕابردوو بە ئامادەبوونی لە ڕێوڕەسمەكانی نەورۆزی شارەكانی وەكوو بۆكان و سەقز، چەند گۆرانی و سروودی كوردی خوێندبووەوە.