ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر ئاشکرابوونی ناسنامەی سێ کەسی دیکە لە حەوت بەندکراوی کوردی لەسێدارەدراو لە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان

هەنگاو؛ شەممە ٢٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
بە ئاشکراکردنی ناسنامەی سێ بەندکراوی کورد بەناوەکانی مەهدی جەلیلیان، شەریف ئەحمەدی و جەواد میهەندووست کە سەرەتای مانگی ڕەشەممەی ئەمساڵ لە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان لەسێدارە دراون، ناسنامەی هەر حەوت بەندکراوی لەسێدارەدراو لە ماوەی ئەو ڕۆژەدا لەو بەندیخانە بۆ هەنگاو ئاشکرا کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢٦ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی مێهدی جەلیلیان تەمەن ٢٧ ساڵ، شەریف ئەحمەدی تەمەن ٤١ ساڵ و جەواد میهەندووست تەمەن ٣٣ ساڵ، هەر سێ خەڵکی کرماشان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە (بەندیخانەی دیزڵئاوا) جێبەجێ کرا.
ئەو سێ بەندکراوە پێشتر لە دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، سزای سێدارەی میلاد مورادی تەمەن ٢٧ ساڵ، عەلی چێشمەسفیدی تەمەن ٣١ سال، محەممەد فەرەیدوونی و بێهرووز سەفەری قەڵعەزەنجیری تەمەن ٣٦ ساڵ کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کراوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو حەوت بەندکراوە کوردە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.