جێبەجێکرانی سزای سێدارەی قاسم سەجادی، ڕەزا سەقای و سوبحان نەجەفی لە بەندیخانەکانی کرماشان، سەبزەوار و مەلایێر

١٥ ڕەزبەر ٢٧٢٥، ١٥:٣٩

هەنگاو؛ سێشەممە ۱۵ی ڕەزبەری ۲۷۲۵

سزای سێدارەی سێ بەندکراو بەناوەکانی قاسم سەجادی، ڕەزا سەقای و سوبحان نەجەفی، کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەکانی کرماشان، سەبزەوار و مەلایێر جێبەجێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ۱۵ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۷ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بەناوی قاسم سەجادی، تەمەن ۲۷ ساڵ و خەڵکی کرماشان، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەروەها بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ۱۴ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۶ی ئۆکتۆبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی ڕەزا سەقای، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی سەبزەوار سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی جێبەجێ کرا.

لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆژی یەکشەممە ۱۳ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۵ی ئۆکتۆبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی لوڕ بەناوی سوبحان نەجەفی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی مەلایێر سەر بە پارێزگای هەمەدان جێبەجێ کرا.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو سێ بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە