مەهاباد؛ محەممەد ڕەمەزانی بە دانانی بارمتە ی دوو ملیاری و بە شێوەی كاتی ئازاد كرا

هەنگاو؛ یەكشەممە ١٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
محەممەد ڕەمەزانی، شاخەوان و چالاكی ژینگەپارێزی خەڵكی مەهاباد، دوای ٣٥ ڕۆژ دەستبەسەركران لە دەستبەسەرگەكانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئورمیە و بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد بە دانانی بارمتەی قورس و بە شێوەیەكی كاتی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد كرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەكشەممە ١٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢ی مارسی ٢٠٢٥)، محەممەد ڕەمەزانی، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵكی شاری مەهاباد دوای ٣٥ ڕۆژ دەستبەسەركران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئورمیە بە دانانی بارمتەی دوو ملیاری بە شێوەیەكی كاتی تا كۆتاییهاتنی دادگاییەكەی لە بەندیخانە ناوەندیی مەهاباد ئازاد كرا.
محەممەد ڕەمەزانی، ڕۆژی یەكشەممە ٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٦ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپا لە ماڵەكەی خۆی، بە بەكارهێنانی توندوتیژی و لێدان و بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەكی دادوەری دەستبەسەر كرابوو.
هەنگاو زانیویەتی كە، ئەم چالاكە ژینگەپارێزییە لە ماوەی دەستبەسەركرانیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێكەوتن لەگەڵ بنەماڵەكەی بێبەش بووە.