ڕێوڕەسمی نەورۆز؛ دەستبەسەركرانی سەلمان پاسەنگ، هادی جامعی و ئەبووبەکر ئێراندووست لە پیرانشار و شنۆ

هەنگاو؛ یەكشەممە ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
سەلمان پاسەنگ، هاووڵاتیی كوردی خەڵكی پیرانشار و دوو هاووڵاتیی دیكەی خەڵكی شنۆ بە ناوەكانی هادی جامعی و ئەبووبەکر ئێراندووست لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمی نەورۆز لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەكشەممە ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٦ی مارسی ٢٠٢٥)، ئەبووبەکەر ئێراندووست، تەمەن ٤٧ ساڵ و هادی جامعی، تەمەن ٤٨ ساڵ، كە هەردووكیان خەڵكێ شاری شنۆن دەستبەسەر كران.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، دەستبەسەركرانی ئەم دوو هاووڵاتییە لە لایەن هێزەكانی ڕێكخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شوێنی كارەكانیان و بە بەكارهێنانی توندوتیژی بووە.
هەروەها، ئێوارەە شەممە ٢٥ی ڕەشەممە، سەلمان پاسەنگ، خەڵكی گوندی "شیناوێ"ی سەر بە پیرانشار لە لایەن هێزە حكوومەتییەكانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترایەوە.
شایانی باسە كە، دەستبەسەركرانی سەلمان پاسەنگ، هادی جامعی و ئەبووبەکر ئێراندووست لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شارەكانی پیرانشار و شنۆ بووە.