ڕێوڕەسمی نەورۆز؛ دەستبەسەرکرانی بێهزاد دافعی، نووسەر و بەندکراوی سیاسی پێشوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری مەریوان

هەنگاو؛ سێشەممە ٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥
دکتۆر بێهزاد دافعی، نووسەری کورد و خەڵکی شاری مەریوان و بەندکراوی سیاسی پێشوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کوردستان لەم شارە دەستبەسەر کرا. کاروان دافعی، برایەکەشی هەر بەم هۆکارە دەستبەسەر کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥ (٢٣ی مارسی ٢٠٢٥)، بێهزاد دافعی تەمەن ٤٠ ساڵە و خەڵکی شاری مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەم شارە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
هاوکات، کاروان دافعی دەرهێنەری فیلم و تەمەن ٢٥ ساڵە و برای بچوکی بێهزاد دافعی لەگەڵ ناوبراو لەلایەن هێزەکانی ئیدارە ئیتلاعاتەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو برایە لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمی نەورۆزی کوردستان دەستبەسەر کراون و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووس و دۆخیان بێ وەڵام ماوەتەوە.
تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگرتن و هەروەها چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەست نییە.