ڕێوڕەسمی نەورۆز؛ مەحموود نادری جارێكی دیكە لە سنە دەستبەسەر كرا

٤ خاکەلێوە ٢٧٢٥، ١٧:١٣

هەنگاو؛ دووشەممە ٤ی خاكەلێوەی ٢٧٢٤

مەحموود نادری، هاووڵاتیی كورد و خەڵكی ناوچەی كەڵاتەرزانی سنە بە مەودای نزیک بە ١٥ ڕۆژ دوای ئازادیی كاتی، جارێكی دیكە لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر كرا. دەستبەسەركرانی ناوبراو لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمەكانی نەورۆز لە كوردستان بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥ (٢٢ی مارسی ٢٠٢٥)، مەحموود نادری، هاووڵاتیی تەمەن ٤٥ ساڵی خەڵكی گوندی دادانە كەمانگەری ناوچەی كەڵاتەرزان، دوای بانگكران و چوونی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپا لە سنە دەستبەسەر كراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەكی نزیک لە بنەماڵەی نادری، ئەم هاووڵاتییە دوای دەستبەسەركران بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سنە بە ناوی قەرارگای "شەهرامفەر" گواستراوەتەوە.

دەستبەسەركرانی مەحموود نادری لە كاتێكدا بووە كە ئەم هاووڵاتییە ناوەڕاستی مانگی ڕەشەممە، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆنی و بە شێوەی كاتی تا كاتیی كۆتاییهاتنی دادگاییەكەی لە بەندیخانە ئازاد كرابوو. 

هەنگاو زانیویەتی كە ئەم هاووڵاتییە كاتی ئازادییەكەی بەڵێنی داوە كە لە ڕێوڕەسمی نەورۆز بەشداری نەكات، و بە هۆی بەشداریكردنی لەم ڕێوڕەسمە دەستبەسەر كراوە.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ ( ٤ی مارسی ٢٠٢٥)، دوای بانگكران و چوونی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە دەستبەسەر كرابوو.

مەحموود نادری لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی زەماوەندی كوڕەكەی لە هۆڵی مێهری سنە دەستبەسەر كرا. لەم ڕێوڕەسمە ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان بە پۆشینی "جلی خاكی" و "جامانە" بەشداریان كردبوو و پشتیوانی خۆیان لە ٥٨ هاووڵاتی كە بە پۆشینی جلوبەرگی خاكی و كەڵكوەرگرتن لە جامانە لە شاری پیرانشار ڕووبەڕووی دۆسیە سازی ببوونەوە، دەربڕیبوو.

ناوبراو پێشتریش چەندین جار بانگی ئیدارەی ئیتلاعات كرابوو و ڕۆژی دوای زەماوەندەكەیش مۆبایلەكەی لە لایەن ئەم ناوەندە ئەمنییە دەستی بەسەردا گیرابوو و پێنج ڕۆژ دواتر پێیان دابوویەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە