سنە؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەركران و ناڕوونی چارەنووسی وریا بابایی

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
هاووڵاتییەكی كورد و خەڵكی سنە بە ناوی وریا بابایی یەک هەفتە پێش لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترایەوە و تا ئێستا زانیارییەک لە سەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١١ی مارسی ٢٠٢٥)، وریا بابایی، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵكی گوندی حسێناوای سەر بە سنە لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەكان بۆ سەر ماڵەكەی دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، سەرەڕای تێپەڕینی حەوت ڕۆژ لە دەستبەسەركرانی وریا بابایی بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووس و بارودۆخی ناوبراو تا ئێستا بێ ئاكام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەكان لە پێدانی هەر جۆرە وڵامێک لەم بارەیەوە خۆیان پاراستووە.
تا كاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران، تۆمەتە سەپێندراوەكان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.