کامێران؛ چوار هاووڵاتیی کورد بە دانانی بارمتە ئازاد کران

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
مووسا تابێعی، مامۆستا محەممەدمیرزا ڕەحمانی، جەبار ئیبراهیمی و هێمن ئیبراهیمی، چوار هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی کامێران، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی تا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانە ئازاد کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ۲۵ی ڕەشەممەی ۲۷۲٤ (۱۵ی مارسی ۲۰۲۵)، جەبار ئیبراهیمی، حەڵکی گوندی "تەختی زەنگی" دانیشتووی کامێران و باوکی سێ منداڵ و هێمن ئیبراهیمی، خەڵکی گوندی "کۆروەرە" و دانیشتووی کامێران بە دانانی بارمتەی ۳۰۰ ملیۆن تمەنی ئازاد کران.
محەممەدمیرزا ڕەحمانی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "تەروەرێز" و مووسا تابێعی، باوکی دوو منداڵ خەڵکی گوندی "لۆنە کۆن" و دانیشتووی کامێران، هەر یەک ڕۆژی پێجشەممە ۲۳ی ڕەشەممە بەدانانی بارمتەی ۳۰۰ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوون.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.
مووسا تابێعی، مامۆستا محەممەدمیرزا ڕەحمانی، جەبار ئیبراهیمی و هێمن ئیبراهیمی لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆیان وەکوو مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بوون.
ئەو هاووڵاتییانە ڕۆژی چوارشەممە ۸ی ڕەشەممەی ۲۷۲٤ (۲۶ی فێبریوەریی ۲۰۲۵)، بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون.
شایانی باسە کە، مامۆستا محەممەدمیرزا ڕەحمانی پێشتر لە لایەن لقی ۱۰۱ی دادگای تاوانەکانی ۲ی کامێران سزای ۹۱ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو و ئەو سزایەی بەشێوەی فەرمی پێ ڕاگەیێندرابوو.
ئەو مامۆستایە ڕۆژی چوارشەممە ۱ی بەفرانباری ۲۷۲۱ پاش بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران دەستبەسەر کرا و دوای سێ حەفتە بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
دەستبەسەرکرانی ناوبراو بە هۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمی پرسەی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی لەسێدارەدراوی کورد و وتار خوێندەوە لەو ڕێوڕەسمەدا بوو.