پیرانشار؛ سۆران محەممەدپوور و مووسا ڕەسووڵی بەشێوەی کاتی و بەدانانی بارمتەی قورس ئازاد کران

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۹ی ڕەشەممەی ۲۷۲۴
سۆران محەممەدپوور و مووسا ڕەسووڵی، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار کە بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرابوون، پاش نزیکەی سێ مانگ دەستبەسەربوون بەدانانی بڕیاری بارمتەی سێ ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۲۸ی ڕەشەممەی ۲۷۲۴ (۱۸ی مارسی ۲۰۲۵)، سۆران محەممەدپوور تەمەن ۲۵ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار بەدانانی بڕیاری بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرا.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ۲۶ی ڕەشەممە، مووسا ڕەسووڵی، خەڵکی گوندی "خورینج"ی سەر بە شاری پیرانشار بەدانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کراوە.
سۆران محەممەدپوور و مووسا ڕەسووڵی، کاتژمێرە سەرەتاییەکانی ڕۆژی هەینی ۷ی بەفرانباری ۲۷۲۴ (۲۷ی دیسەمبەری ۲۰۲۴) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون.
ئەو هاووڵاتییانە دوای ۲۰ ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لەئاکامدا کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ بۆ بەندیخانەی نەغەدە گواسترابوونەوە.
هەنگاو پێشتر لەو بارەدا نووسیبووی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییانە و بە سازکردنی کەشی ترساندن و بەکارهێنانی توندوتیژی وێڕای دەستبەسەرکردنیان دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانی ئەو دوو هاووڵاتییە وەکوو مۆبایلەکانیاندا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.